


خوگری منداڵ ولاوان به میدیاکان، مه‌ترسییه فیزیکی و ده‌روونییه‌کانی
به‌شی دووه‌م
وه‌رگێرانی: د. شوان
به‌ربڵاوی:
له وڵاتێکی وه‌ک ئه‌ڵمانیا به نموونه، له‌وه‌ته‌ی ساڵی (1994) ه‌وه ماوه‌ی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن لای مناڵان وگه‌نجان به جێگیری ماوه‌ته‌وه، که له خوارووی ئه‌ڵمانیا له که‌مترین راده دایه. 2005 چاریه‌کی ئه‌و مناڵانه‌ی تازه ده‌که‌وتنه به‌ر خوێندن ته‌له‌فزیۆنی تایبه‌تیان هه‌بوو، نیوه‌ی مناڵان و دوو له سێی گه‌نجان له ژووره‌کانیان ته‌له‌فزیۆنی تایبه‌ت هه‌یه. ئه‌مه‌ش 41،8% ی کوڕان و 30،5%ی کچان ده‌گرێته‌وه. ئه‌م رێژه‌یه‌ش به گوێره‌ی جۆر و ئاستی خویندنی باوان (له ئاسته نزمه‌کان 57،3% و ئاست به‌رزه‌کان 16%) جیاوازه. بوونی ته‌له‌فزیۆنی تایبه‌ت ماوه‌ی سه‌یرکردنی له رۆژێکدا کاتژمێرێک زیاد ده‌کات، سه‌یرکردنی ئه‌و فلیمانه‌ی کاری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر گه‌شه‌ی منداڵ هه‌یه دووقات ده‌کات (35،5% به‌رامبه‌ر به 15،5%). له‌م باره‌ش لێکدانه‌وه‌ی باوان بۆ ئاستی ئه‌م گرفته که‌مبایه‌خ ده‌بێت، به‌مه‌ش که‌مبوونه‌وه‌ی چاودێرییان بۆ منداڵه‌کانیان گرفته‌که ئاڵۆزتر ده‌کات. زۆر سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن له نێو ئه‌و منداڵانه‌ی که ترسی کۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌یه یا دایکیان ئاستێکی نزمی رۆشنبیری، قه‌ڵه‌وی، خه‌مۆکی یا گرفتی ده‌روونیان هه‌یه زیاتره.
به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت له لای گه‌نجان به پێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی یه‌ک و دووی ئه‌ڵمانی له 1997 تا 2006 له 6،3 بۆ 97 خوله‌ک له رۆژێکدا زیادی کرد بوو. به‌رزترین ئاست له ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ساڵیدا بوو. له هۆکاره مه‌ترسیداره‌کانی گرفتی زێده‌ڕۆیی له به‌کارهێنانی ئینته‌رنێت؛ ئاکاری کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌گونجاو، که‌م هۆشیاری کۆمه‌ڵایه‌تی، دڵه‌راوکێی کۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نهایی، دڵته‌نگی و دووره‌په‌رێزی ( راکردن له راستی). له ئه‌ڵمانیا %3،2 ی به‌کارهێنه‌ران به خوگر مه‌زه‌نده ده‌کرێن و 6،6% یش له مه‌ترسی دان. له نێوان 1997 و 2006 به‌کارهێنانی کۆمپیوته‌ر له رۆژێکدا له 5 بۆ 45 خوله‌ک زیادی کردووه.
رێژه‌ی گرفتی یاری ڤیدیۆیی و کۆمپیوته‌ر له کوڕان بۆ کچان (38،1% بۆ 15،6%) و به گوێره‌ی ئاستی رۆشنبیری خێزان (نزم 42،7%، به‌رز 20،2%) ده‌گۆڕێت، که ئه‌مه‌ش به‌کارهێنانی ئه‌و یاریانه‌ی گه‌شه‌ی منداڵ ده‌شێوێنێ چواربار ده‌کات. له راپرسییه‌کدا 9،3% منداڵانی 11ـ14 ساڵی ئه‌م گرفته‌یان هه‌یه. له فاکته‌ره مه‌ترسیداره‌کانی؛ دڵه‌راوکێی کۆمه‌ڵایه‌تی، په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاست نزم، که‌می پاڵپشتی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رگه نه‌گرتنی فشار، خۆ به که‌م زانین و نزمی ئاستی خوێندن. له ئه‌ڵمانیا 25% ی هه‌شت ساڵان، 75% ی دوانزه ساڵان و 90% ی چوارده ساڵان خاوه‌ن مۆبالی خۆیانن.
هۆکاره‌کان:
ده‌کرێ خۆخه‌ریککردن به میدیا حه‌ز و ره‌مه‌کی گه‌ڕان دابمرکێنێ، جۆش وخرۆشت پێ‌بدا، راده‌ی کۆنترۆڵت بجهڕبێنێ و له نائومێدی و راکردن له واقع بتپارێزی. له‌و کلتورانه‌ی له یاری چالاکن، که‌مبوونی رێژه‌ی منداڵ و به‌کارهێنانی میدیا به خشپه‌یی یارییه به کۆمه‌ڵه‌کان ده‌فه‌وتێنێ. سه‌رباری ئه‌مانه‌ش ده‌سکه‌وته ماددیه‌کان هانده‌ری زیاترن بۆ ململانێ و هه‌وڵدان بۆ ره‌واجدان به‌م بازاڕه. ئه‌م یارییانه به هۆی کارلێکردن، وینه‌ی زیندوو و ئه‌ندازه‌یی، قۆناغی سه‌رنجراکێش و به‌جۆش (که زیاتر باوه‌ڕ به‌خۆبوون و هه‌ژمون ده‌به‌خشێ) پاداشت و یاری به کۆمه‌ڵ زیاتر سه‌رنج رادهێشێ. نابێ رۆڵی چاولێکردن له چوارچێوه‌ی خێزان و هاوته‌مه‌نه‌کان وله کۆتاییش که‌م توانایی باوان و مامۆستایان له رۆڵی پێشه‌نگیان له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ میدیای نوێ فه‌رامۆش بکرێ.
خوگری منداڵ ولاوان به میدیاکان، مه‌ترسییه فیزیکی و ده‌روونییه‌کانی
به‌شی سێیه‌م
وه‌رگێرانی : د. شوان
ماکه ده‌روونییه‌کان
· ئاکاری شه‌ڕانگێزانه: زیاتر له‌و منداڵانه تێبینی ده‌کرێ که زێده‌ڕۆیی له به‌کارهێنانی میدیای ههمهکارلێک (interaktiv) ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ تێکهه‌ڵکێشی هۆکاره‌کان، به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ڵومه‌رجه ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، میدیای توندوتیژ به لاوازی به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ کار ده‌کاته سه‌ر ره‌فتاری شه‌رانگێزی. 5 ـ10% گه‌نجان له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌کی خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تی ناله‌بار (بۆ نموونه توندوتیژی ناو خێزان، پشتگوێ خستنی منداڵ، دواکه‌وتن له خوێندن...) میدیای توندوتیژی به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو و به به‌رده‌وامی کار له چۆنیه‌تی خوناسین و نموونه‌ی باڵایان ده‌کات. به کارهێنانی له‌م جۆره‌ی ته‌له‌فزیۆن له لای کوڕان له داهاتوو پێشبینی توند و تیژی زیاتری لێده‌کرێ. هه‌وڵدان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی به‌کارهێنانی میدیا له رێی قوتابخانه زمانی شه‌رانگێزی که‌مده‌کاته‌وه.
· خۆگوجاندنی کۆمه‌ڵایه‌تی، خۆهه‌ڵسه‌نگاندن، خودناسی و شێوازی ژیان: زۆر به‌کارهێنانی میدیا چالاکییه هاوبه‌شه‌کانی ناو خێزان و هاوته‌مه‌نه‌کان به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه. بۆ نموونه زۆر سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن په‌یوه‌ندی منداڵ له‌گه‌ڵ هاوته‌مه‌نه‌کان و گونجانی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ هاوپۆله‌کان که‌مده‌کاته‌وه. ئه‌مه‌ش له بازنه‌یه‌کی داخراو به‌رده‌وام دووباره ده‌بێته‌وه. ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ی میدیاکان، که هه‌رده‌م له‌شی مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌کی دوور له راستی وێنهدهکێشن (مێینه‌ی ناسک و نێرینه‌ی له‌ش جوان و رێک)، هه‌ستێکی نائومێدی به‌رامبه‌ر له‌شی خۆمان دروست ده‌کات. ئه‌م کچانه‌ی له راده به‌ده‌ر له رێی میدیاکانه‌وه گرنگی به له‌ش و لاریان ده‌ده‌ن زۆرتر تووشی گرفته ده‌روونییه‌کانی په‌یوه‌ست به خواردن ده‌بن. له منداڵ و نه‌وجه‌وانانی قه‌ڵه‌و سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ و دریژخایه‌ن کاری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر دروستی له‌ش و ده‌روونیان ده‌بێت.
· وریایی و گه‌شه‌ی زمان و فێربوون: خوگری قوتابیان به ئینته‌رنێت و گه‌نجان به یاری ڤیدیۆیی کۆکه له‌گه‌ڵ کهموریایی. که‌چی ده‌ره‌نجامی ناکۆک له سه‌ر ئه‌وه هه‌یه، که ئایا زۆر سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن له ته‌مه‌نی منداڵی ده‌بێته هۆی کهموریایی له ته‌مه‌نی که‌وتنه به‌ر خوێندن. بوونی ته‌له‌فزیۆنی تایبه‌ت له ژووری منداڵان له ته‌مه‌نی به‌ر له خوێندن 45% مه‌ترسی دواکه‌وتنی زمان زیاد ده‌کات. راده‌ی به‌کارهێنانی ته‌له‌فزیۆن لای منداڵان پێوه‌رێکه بۆ گه‌شه‌ی منداڵ له کاتی چوونه به‌رخوێندن، که‌متوانایی له سه‌ره‌تای ساڵانی خوێندن، دواتر وازهێنان له خوێندن و ئه‌گه‌ری ده‌ستکردن به خوێندنی باڵا. ئه‌مه‌ش به روونی کاری له‌سه‌ر ئاستی هۆشیاری، گه‌ر به راده‌ی نزمیش بێ، به‌رچاوه. زۆر یاری کردن به کۆمپیوته‌ر یا یاری ڤیدیۆیی هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ نزمی ئاستی ئه‌کادیمی. به پێچه‌وانه‌شه‌وه فشاری کار و خوێندن به‌کارهینانی ئینته‌رنێت زیاد ده‌کات، به‌مه‌ش بازنه‌یه‌کی داخراو پێک ده‌هێنن.
کاتێ به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌یی گونجاو بۆ منداڵانی ته‌مه‌نی به‌ر له خوێندن دواتر گه‌شه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ (چالاکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی قوتابخانه، خوێندنه‌وه، رێنوينی و ده‌رخستنی توانا و داهێنان و ئارامی) بۆ ساڵانی دواتری ته‌مه‌ن فه‌راهه‌م ده‌کات، به‌رنامه‌ی توندوتیژ به پێچه‌وانه‌وه کاری سلبی ده‌بێت. ئه‌مه له باره‌ی یاری ڤیدیۆییش هه‌ر راسته. له‌لای کوڕان ماوه‌ی به‌کارهێنانی میدیا، به تایبه‌تیش میدیای توندوتیژی، به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو به‌رزه، که ده‌کرێ ئه‌مه‌ش هۆیه‌ک بێت بۆ زیاتر پاشه‌کشه‌یان له ئاستی خويندن به به‌راورد له‌گه‌ڵ کچان. لێکۆڵینه‌وه‌کان له باره‌ی کاری میدیا له‌سه‌ر قوتابیانی قۆناغی سه‌ره‌تایی له ئه‌ڵمانیا ئه‌و ده‌رئه‌نجامه به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن؛ که میکانیزمی شێوانی توانای فێربوون زیاتر له رێی خراپ دابه‌شکردنی کات (له‌سه‌ر حسابی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌سوکار، خوێندنه‌وه و یاری داهێنان)، تێکچوونی چه‌ندی و چۆنی خه‌و (به تایبه‌تی خه‌وی قوڵ) وبیرکوێری له ئه‌نجامی فشاری ده‌روونی (ترس و توندوتیژی له میدیاکان) ده‌بێت.
خوگری منداڵ ولاوان به میدیاکان، مه‌ترسییه فیزیکی و ده‌روونییه‌کانی
به‌شی چواره‌م و کۆتایی
وه‌رگێرانی: د. شوان
ماکه جه‌سته‌یییه‌کان
· قه‌ڵه‌وی: که‌م جوله‌یی منداڵ و لاوان له رێی زیاد به‌کارهێنانی میدیا تا بالغبوون کاری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر له‌شساغی هه‌یه. به‌شێکی زۆری رێکلامی ته‌له‌فزیۆنی منداڵان په‌یوه‌ستن به خواردن، به‌تایبه‌تی خواردنی خێرا، سناک و شیرینی...، هه‌رچه‌نده ئه‌مانه له رووی فسیۆلۆجییه‌وه به زۆری خواردنی نادروستن، که‌چی به هۆی ئه‌م رێکلامانهوه هه‌رده‌م په‌رۆشی بۆی و داواکاری له‌سه‌ری و به‌کارهێنانی زیاتر ده‌بێت. به تایبه‌تیش له کاتی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن خۆیدا. به پێچه‌وانه‌شه‌وه له‌م کاتانه‌دا خواردنی سه‌وزه و میوه که‌متر باوه. ئه‌مانه به‌گشتی ئاکاری قه‌ڵه‌وبوونن. له زیاتر له 30 لیکۆڵینه‌وه زۆرکێشی و به‌رزی رێژه‌ی (BMI)** پابه‌ندبووه به سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن. بوونی ته‌له‌فزیۆنی تایبه‌ت رێژه‌ی قه‌ڵه‌وی به راده‌ی 1،31 زیاد ده‌کات. له پاڵ ئه‌مانه هۆکاری بۆماوه‌ییش نابێ فه‌رامۆش بکرێ. به‌مه له ته‌مه‌نی سێ ساڵییه‌وه سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن زیاتر له کاتژمێرێک له رۆژێکدا هۆکاری توشبوونی قه‌ڵه‌وییه له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵییه‌وه. هه‌روه‌ها زۆر سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن له نێوان (5ـ15) ساڵی ته‌مه‌ن دواتر پێشبینی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی (BMI)ی لێده‌کرێت. ده‌ره‌نجامی لێکۆڵینه‌وه راسته‌وخۆکان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته له قوتابخانه‌کان به‌ڵگه‌ی گرنگی هۆکاری به‌کارهێنانی میدیا له قه‌ڵه‌وبوون ده‌سه‌لمێنن. ئه‌و پێگه‌یشتووانه‌ی که لایه‌نی که‌م 13،6 کیلۆگرام کێشیان داگرتووه و به جێگیری بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ پاراستوویانه، هه‌فتانه به رێژه‌ی که‌متر له 10 کاتژمێر ته‌له‌فزیۆن به‌کارده‌هێنن. گۆڕانی کێش به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو په‌یوه‌سته به رێژه‌ی سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن و گۆڕانی. په‌یوه‌ندی زۆرکێشی به به‌کارهێنانی کۆمپیوته‌ر که‌م تا زۆر نه‌سه‌لمێنراوه.
· نه‌خۆشی شه‌کره و کۆنیشانی زینده‌کرداری***: له لێکۆلینه‌وه ئاسۆیییه‌کان به‌کارهێنانی ته‌له‌فزیۆن هۆکارێکه بۆ قه‌ڵه‌وی، به‌دخۆراکی و لهشناساغی له منداڵان،و زۆری جگه‌ره‌کێشان و کۆنیشانی زینده‌کرداری (به گرفتی زینده‌کرداری چه‌وری و شه‌کره‌ی جۆری ll) له گه‌وران. له منداڵ و لاوانی توشبوو به نه‌خۆشی شه‌کره جۆری l به‌رزی رێژه‌ی ****HbA1cراسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به رێژه‌ی به‌کارهێنانی ته‌له‌فزیۆن.
· گرفتی چاو، سه‌ریه‌شه و نه‌خۆشیه‌کانی په‌یکه‌ر و ماسولکه: یاری ڤیدیۆیی و کارکردن له‌سه‌ر شاشه (زیاتر له دوو کاتژمێر له رۆژێکدا) ده‌بنه هۆی ماندووبوون و گرفتی چاو. زیاده‌رۆیی له به‌کارهێنانی میدیای بینراو له لایه‌ن منداڵانی به‌رخوێندن به‌زۆری ده‌بێته هۆی سه‌ریه‌شه، که به که‌مکردنه‌وه‌ی چاکده‌بێته‌وه. زۆر به‌کارهێنانی کۆمپیوته‌ر له‌لای گه‌نجان شانـ، ملـ و پشتئێشه دووبار زیاد ده‌کات. نه‌خۆشییه‌کانی بڕبڕه‌ی پشت له‌باری له‌راده به‌ده‌ر سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن زۆر باوه.
· خه‌وزڕان و که‌مخه‌وی: یاری ئه‌لکترۆنی و سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن زیاتر سه‌ر له ئێوارانه. یاری کۆمپیوته‌ری کاتی چوونهسهرخهو درێژده‌کاته‌وه و خه‌وی قوڵیش (REM-phase) که‌مده‌کاته‌وه. زۆر سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن گرفتی چوونهسهرخهو و خه‌و زیادده‌کات. زۆر یاریکردن به یاری ڤیدیۆیی ده‌بێته هۆی که‌مخه‌وی و شه‌که‌تی. سه‌یرکردنی ته‌له‌فزیۆن زیاتر له سێ کاتژمێر له رۆژێکدا له ته‌مه‌نی 14 ساڵی، له‌پاڵ هۆکاره ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، له ساڵانی دواتری ته‌مه‌ن ده‌بێته هۆی شێوانی خه‌و. خه‌وزڕان خۆیشی هۆی چه‌ند گرفتێکی تره، له‌مانه؛ شێوانی رێکی له‌ش و توانستی فێربوون و زۆرکێشی.
رۆڵی پزیشکان
پزیشکی منداڵان و گشتی له‌سه‌ریانه جه‌خت بکه‌نه سه‌ر پرسیارکردن له‌باره‌ی به‌کارهێنانی میدیا، له‌م باره‌وه منداڵان، لاوان، باوان ، مامۆستایان و که‌سانی په‌یوه‌نددار له باره‌ی مهترسییاکانی میدیا رێنمایی بکه‌ن، هه‌وڵبده‌ن له قوتابخانه‌کان په‌روه‌رده‌ی میدیایی بسازێنن و په‌ره‌ی پێبده‌ن، داوای لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاترله باره‌ی خۆپاراستن و چاره‌سه‌رکردنی گرفتی خراپ به‌کارهێنانی میدیا بکه‌ن. بۆ زووتر ده‌ستنیشانکردنی گرفته‌که، دکتۆر ده‌توانێ هه‌ڵی ئه‌وه بقۆزێته‌وه که باوان له مه‌ترسی میدیا بۆ سه‌ر منداڵان روون بکاته‌وه. به‌ر له هه‌موو شتێ له کاتی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ گرفته ده‌روونی، کۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌سته‌یییه‌کان، که ئه‌گه‌ری پابه‌ندبوونیان به‌م گرفته هه‌یه، ده‌بێ پرسیاری چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی میدیا له ناو خێزان بکرێ. خۆپاراستن ده‌بێ زۆر زوو ده‌ستپێبکرێ، چونکه کاری نێگه‌تیڤی له ته‌مه‌نی منداڵی زۆر زیاتره. چاره‌سه‌ری راسته‌وخۆ و درێژخایه‌نی له منداڵان چه‌ند زووتر بێ سه‌رکه‌وتووتره. له گه‌نجان، که به گشتی به ته‌واوی په‌ی به کاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی میدیا نابه‌ن، چاره‌سه‌ری چالاکانه‌ی و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی درێژخایه‌ن سه‌رکه‌وتووتره. کاتێک بۆ منداڵانی تا 8 ساڵی ره‌خنه‌ی راسته‌وخۆ کاریگه‌رتره، بۆ ته‌مه‌نی گه‌وره‌تر پرسیار و گفتوگۆی لۆجیکیانه باشتره.
خۆپاراستن وه‌ک ئه‌رکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی
له پاڵ ئاستی رۆشنبیری باوان، درکردنیان به‌م گرفته و چۆنیه‌تی و ئاستی تێگه‌یشتنیان له په‌روه‌رده‌ی میدیایی، پێداویستییه‌کی گرنگی پێشگرتنه له‌م گرفته. گه‌نجان زۆرتر ده‌که‌ونه ژێر کاریگه‌ری هاوته‌مه‌نه‌کانیان، که زۆر جار له رێگه‌ی په‌رۆشی هاوبه‌شیان ده‌که‌ونه ژێر کاریگه‌ری نێگه‌تیڤانه‌ی میدیا. پاراستنی منداڵ و لاوان له مه‌ترسی میدیا له ئه‌ڵمانیا له رێگه یاسای پشگیری لاوان (ڤیدیۆ، DVD و کۆمپیوته‌ر) و پرۆتۆکۆلی ده‌وڵه‌ت بۆ پاراستنی لاوان (ته‌له‌فزیۆن) رێکخراوه، به‌رامبه‌ر ئه‌مه باوان، به فه‌رامۆشکردنی ئه‌م لایه‌نه و که‌مته‌رخه‌می کردن له گرنگیدان به‌م لایه‌نه له هه‌ڵسوکه‌وتکردن له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیان، مه‌ترسی تێکه‌وتنی منداڵانیان له‌م گرفته زیاتر ده‌کات.
پێش‌گرتن له‌م دیارده‌یه هه‌ڵوێستی سیاسی ده‌خوازێ. یه‌ک له هه‌نگاوه گرنگه‌کان قه‌ده‌غه‌کردنی پروپاگه‌نده بازرگانیه‌کانی منداڵ و گه‌نجانه له ته‌له‌فزیۆن. له وڵاتانی وه‌ک سوید، به‌لجیکا و ئێرله‌نده ده‌مێکه ئه‌م هه‌نگاوه به قه‌ده‌غه‌کردنی رێکلامی خواردن له به‌رنامه‌ی منداڵان نراوه. ئه‌مه‌ش مه‌یلیان به‌ره‌و جوله و خواردنی دروست ئاسان ده‌کات.
*ICD : International Classification of Diseases
Diagnostic and Statistical Manual of Mental Disorders: DSM
** (BMI) Body-Mass-Index: پێوه‌رێکه بۆ دیاریکردنی کێشی مرۆڤ په‌یوه‌ست به درێژی. که به هۆیه‌وه ده‌توانی کێشی ئاسایی، که‌مکێشی، زۆرکێشی و قه‌ڵه‌وی دیاری بکه‌ی.
*** Metabolic –Syndrom: (کۆنیشانی زینده‌کرداری) به کۆی گرفتی زینده‌کرداری چه‌وری، به‌رزی فشاری خوێن و شه‌کره‌ی جۆری ll پێناسه ده‌کرێت.
**** HbA1c: هیمۆگڵۆبینی گلوکۆزاوی له کاتی به‌رزی رێژه‌ی گلوکۆز له خوێن بۆ ماوه‌ی درێژخایه‌ن به‌رز ده‌بێته‌وه.
سه‌رچاوه:Deutsche Ärzteblatt 38, 21.09.2007,
نووسینی: Dr. Van Egmond-Fröhlich, Dr. Thomas Mößle, Sabine Ahrens-Eipper, Dr. Gerhard Schmid-Ott, Rolf Hüllinghorst, Dr. Petra Warschburger
فیلم كارتۆنه‌كان، منالاَن له‌سه‌ر رِهوشتى توندوتیژى ڕادههێننهێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجى
ئه‌و فیلم كارتۆنانهى باس له توندوتیژى ده‌كه‌ن و قسه‌ى نابه‌جێ و جنێو له‌خۆده‌گرن، مناڵ له‌سه‌ر ره‌وشتى توندوتیژى و دوژمنایه‌تى راده‌هێنن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه (ئۆڵمان) وه‌كو پسپۆڕ و شاره‌زا و لیَكۆڵیار، پێمان ده‌ڵێت،كه (كه‌ته‌مه‌نى مناڵى قۆناغێكى ژیان نییه، به‌ڵكو یه‌كێكه له حاڵه‌ته‌كانى فیكر)، دیاره ئۆڵمان لێره‌دا مه‌به‌ستێكى ئاشكراى هه‌یه، كه پێویست به هیچ رِوونكردنهوهیهك ناكات چونكه ئه‌و ده‌زانێ له‌لایه‌نى فیسۆلۆژى و گه‌شه و پێگه‌یشتنه‌وه مناڵى یه‌كێكه له قۆناغه‌كانى ژیان، لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه مناڵان له فیلم كارتۆنى شهرِ و توندوتیژییه‌وه فێرده‌بن، كه خۆشى له توندوتیژى وه‌ربگرن و، پێى ئاسووده ده‌بن و به‌مه‌ش ئاینده‌یه‌كى باشیان نابێت.
لیَكۆڵیاران باس له‌وه ده‌كه‌ن كه مناڵاَن ته‌ماشاى دیمه‌نه‌كانى توندوتیژى ده‌كه‌ن له رِێگهى ته‌له‌فزیۆن و یارییه ئهلهكترۆنییهكانهوه و ئامێره‌كانى دیكه‌ى وه‌كو (كۆمپیوته‌ر، ئینته‌رنێت، دیڤیدى و سیدییه‌وه) ،بۆ ماوه‌ى (1-3) سه‌عات له رِۆژێكدا و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆكارێك بۆ دروست بوونى دوژمنایه‌تى و به‌رابه‌رى له مێشكى مرۆڤدا.
دكتۆر(دیمیترى كریستاكیس) ى (یاریده‌ده‌رى لێكۆڵینه‌وه له په‌یمانگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى سه‌ر به نه‌خۆشخانه‌ى (سیاتل بۆ مناڵان) ) ده‌ڵێت: (ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه پێشه‌كى رێبه‌رى كۆتاییه له‌سه‌ر ماوه‌ى گرنگێتى ته‌له‌فزیۆن و هۆیه‌كانى راگه‌یاندن له ماوه‌ى گه‌شه‌ى ژیانى مناڵ‌دا) و (له نێوان 184 مناڵ‌دا كه گونجاوبوون بۆ لێكۆڵینه‌وه، 25 مناڵیان گرفتى ترسناكیان هه‌بوو، دیمه‌نه توند و تیژییه‌كانیان سه‌بر كردبوو به‌هۆى ته‌له‌فزیۆنه‌وه بۆ ماوه‌ى یه‌ك كاتژمێر له رِۆژێكدا، شیكردنه‌وه‌ى (كریستاكیس) و هاوڕێ لیَكۆڵیارهكانى له باره‌ى هه‌ڵسوكه‌وت و،خوو و ڕه‌وشتى بینه‌رانى ته‌له‌فزیۆن و ڤیدیۆ له‌سه‌ر 330 مناڵ ده‌ریده‌خات كه رهِوشتیان جیاوازه له‌گه‌ڵ مناڵى ئاسایی و توڕه و توندوتیژن و گیانى تۆڵه‌یان تێدا به‌هێزه و له‌م باریه‌وه ده‌ڵێن (مناڵ له‌ته‌مه‌نى پێش خوێندن و تا ته‌مه‌نى 10 ساڵیش به‌ته‌واوى نازانن تایبه‌تمه‌ندى و جیاكردنهوهكانى نێوان خه‌یاڵ و راسته‌قینه چییه و پێویسته بۆیان راڤه بكرێت و تێ‌یان بگه‌یه‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ى تووشى گرفتى ده‌روونى نه‌بن و توندوتیژو توڕه نه‌بن).هاوكات زۆر له زانایان و پسپۆڕانى ده‌روونى باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه زۆر له فیلم كارتۆنه‌كان به شێوه‌یه‌ك دروستكراون که له‌گه‌ڵ ژیرى و ئاوهزى مرۆڤدا ناێنهوه و ناگونجێن، ئه‌مه‌ش وا له مناڵ ده‌كات زیاتر له ناو خه‌ونه‌كانیاندا رِۆ بچن و خه‌ونى زۆر گه‌وره ببینن، ئه‌گه‌رچى وه‌كو (كازانتزاكى) دهڵیَت: (مناڵى بچوك خه‌ونى گه‌وره گه‌وره ده‌بینن)، وه‌لێ له‌م باره‌دا خهونهكان و تاڕاده‌یه‌كیش هه‌وڵ و كار و كرده‌وه‌كانیش سنوور ده‌به‌زێنن، هه‌ربۆیه گرفتى ترسناك دروست ده‌بێت و،له‌مباره‌یه‌وه پسپۆرِانى پزیشكى ده‌روونى قسه‌ى زیاتریان هه‌یه‌و ،دهڵیَن : (كاتیَك مناڵ دهبینیَت له‌ناو فیلم كارتۆنه‌كاندا زه‌برى توند به‌یه‌كدا ده‌كێشن، به‌تایبه‌تى ئه‌و زهبرانهى به‌ر سه‌ر ده‌كه‌ون و، هیچ گرفتیَكیش دروست نابێ و پاش تۆزیَك چاك ده‌بنه‌وه وا له‌مناڵ ده‌كات به دیاریانه‌وه پێبكه‌نن و واتێبگه‌ن كه ئه‌م كارانه ئه‌نجامێكى خراپى نابێت و دوورنییه به‌زه‌بر بكێشن به‌سه‌رى برا و خوشك و هاوڕێ و كهسهكانیاندا، كه ئه‌مه‌ش له‌بارى پزیشكى و زانستییه‌وه راست نییه و هه‌موو ئه‌و زه‌برانه زیانى زۆرى ده‌بێت بۆ مێشكى مرۆڤه‌كان) كه‌واته پێویسته ئاگادارى مناڵه‌كانمان بین و كه‌ناڵه تهلهفزیۆنییهكانیش ئه‌و رِاستییه له‌به‌رچاو بگرن و به پرس و را وه‌رگرتنى پسپۆرِانى ده‌روونى و پزیشكى و كۆمهلاَیهتى فیلم كارتۆن دۆبلاژ بكه‌ن و،فیلم كارتۆنى دیكه‌ش له كه‌ناڵه‌كانیانه‌وه داببه‌زێنن و واز له فیلم كارتۆنى توندوتیژ و پڕ له جنێو و قسه‌ى نادروست بهێنن.
ئه‌م بابه‌ته له ( رِۆژنامهى ئاسۆ/ پاشكۆى ئاسۆى گه‌نج ) و.هه‌فته‌نامه‌ى (گه‌شبین) دا بڵاَوكراوهتهوه و له سه‌ر داوای نووسه‌ره‌که‌ی بڵاومان کرده‌وه.
© Copyright www.derun.org . 2007 . All rights reserved . Email: info@derun.org